1. Home
  2. /
  3. اخبار الحركة
  4. /
  5. المكتب السياسي
  6. /
  7. نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی...

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێز مسرور بارزانی:

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێز مسرور بارزانی:

سڵاوێکی گەرم.

دادپەروەری و یەکسانی بنچینەی حوکمداری دروست و ژیرانەیە.

لەبەر نەبوونی بوار بۆ گفتوگۆی ڕووبەڕوو ، وە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ گوێبیستی ڕای دیکەش ببن کە جیاوازە لەو ڕایانەی بۆتان دەگوازرێتەوە لە لایەن ڕۆڵەکانی گەلی ئێمەوە، کە لایەنگرییان بۆ ئێوەیە، سەبارەت بەو دۆزانەی پەیوەندی بە گەلەکەمانەوە هەیە، وە لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی خەباتی دوێنی بووین، وە لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، ئەم نامەیە بۆ بەڕێزتان دەنێرین بەشێوەیەکی کراوە و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە، بەو هیوایەی گوێبیستی ببن و ببێتە جێگای بایەختان.

لە خوارەوە هەندێک لە گرنگترین ئەو دۆزانە دەخەینە ڕوو کە پەیوەندیدارن بە گەلی ئێمەی کلدانی سریانی ئاشوری، کە هەتا ئێستا بە بێ یەکلاکردنەوە و چارەسەری قبوڵکراو ماونەتەوە، و مافەکانیش نەگەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

ڕاستە ئەم دۆزانە کۆنن و چەند کابینەیەکی حکومەتی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام بەردەوامییان و قوڵبوونەوەیان بووەتە بابەتێک ئیدی جێگای قبووڵکردن نین و ناکرێت لەوە زیاتر بێدەنگی لێبکرێت.

هیوامان بە حکومەتە نوێیەکەتان هەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا بکات، وە ئێمەش وەک خەڵکانی دیکە هیوای خێر و چاوەڕوانی باشمان لێتان هەبوو لە سەرەتای قۆناغی کابینە حکومییەکەتان کە هەنگاوی ڕاستەقینە بنێن، بە تایبەتی دوای ئەوەی لیژنەیەکی نوێی وەزاریتان پێکهێنا بۆ ئەوەی زیاد بکرێت بۆ لیژنەکانی پێشووتر ، کە هیچ شتێکیان پێشکەش نەکرد جێگای باس بێت، یان وەڵامدەرەوەی لانی کەمی ئەو دۆز و داواکارییانە بێت. بەڵام لیژنەکەی ئەمجارەش هەمان دۆخی هەبوو.

بۆیە لەم نامەیەدا گفتوگۆتان ئاڕاستە دەکەم، بێگومان مەبەستمان بەئامانجگرتن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی حکومەتەکەتان نییە لە هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەرک و کارە هەمەچەشنەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان، کە بەردەوام لە زیادبووندایە لە دۆخێکدا کە ئاستی ئاڵەنگارییە ناوخۆیی و نیشتمانی و هەرێمییەکان لەزیادبووندایە، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە پێویست بوو حکومەت بایەخێکی تایبەتی بە گەلی ئێمە بدایە بەو پێیەی بوون و مانەوەمان لەژێر هەڕەشەدایە.

بەرمەبنای ئەوە پێویست بوو پلانێک هەبوایە بونیاد بنرایە لەسەر بنەمای (جیاکاری ئەرێنی) کە بەداخەوە تا ئێستا ڕووناکی نەدیووە، نە لە هەرێم و نە لەسەر ئاستی نیشتمانی عێراق.

بۆیە پرسیار دەکەم، ئایا هەتاکو کەی حکومەتی هەرێم دەستەوسان دەمێنێتەوە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگاکان کە تایبەتن بە زەوی و گوندە کلدانییە ئاشورییەکان، کە زیادەڕۆییان کراوەتە سەر یان دەستیان بەسەردا گیراوە لە هەرێم ، ئەکەرچی چەندین ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دەرچوونی ئەو بڕیارانەدا ؟

دەیان بڕیار لە دادگاکانی هەرێم دەرچوون لەبەرژەوەندی گەلەکەمان بۆ گوندەکانی( نالا و هزار جوت و زاخۆ و صبنا و برواری باڵا) بەبێ ئەوەی ویستێک لە لایەن حکومەتەوە هەبێت بۆ جێبەجێکردنیان، بە هۆکاری ئەوەی ئەنجامدەرانی زیادەڕەوییەکان یان داگیرکارەکانی ئەو زەویانە کەسانی دەستڕۆیشتوون لە حکومەتدا یان لە ناو حزبی فەرمانڕەوادا.

ئیدی گەلی ئێمە سکاڵا بۆ لای کێ بەرێت ئەگەر بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ نەکرین ؟

پاڵپشت بەوە و بابەتی دیکەش ، ئیدی دامەزراوەکانی دەسەڵات وایان لێهاتووە جیاوازی و جیاکاری دەکەن و یەکسانی نەماوە لە ڕەخساندنی هەلدا لەنێوان پێکهاتەکانی گەلدا لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای لایەنگیری حیزبی یان نەتەوەیی یان ئاینی. ئەرکی سەرشانی ئێوەشە ڕێگری لەوە بکەن و ئەو دادپەروەری و یەکسانییەی نەماوە بەرپایان بکەن.

عنكاوا دەکوڵێت، کەچی هێشتا شاهیدە ناڕاستگۆکان ڕاستییەکان دەشێوێنن و لایەنە فەرمییەکانیش پشت بە قسەی ئەوان دەبەستن بێ ئەوەی خواستی ئەوەیان هەبێت گوێ لە ڕاو و بۆچوونی دیکەش بگرن.

بەو شێوەیە داواکارییە هەق و ڕەواکانی ڕۆڵەکانی عنکاوا هیچ کەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە.

عنكاوا دوای دزین و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی بۆتە جێگای کاری گوماناوی، ئاسانکاری لایەنە تایبەتمەندەکانش گەلێ نیشانەی پرسیار دروست دەکات دەربارەی ئامانج لەو هەڵوێستە.

وە حکومەت پێویستە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت لە وەڵامدانەوی داواکاری هاوڵاتیانی، مەگەر ڕۆڵەکانی عنکاوا لە ڕوانگەی حکومەتەوە هاوڵاتی (شێوازێکی تر بن) کاتیک دۆزەکانیان ناجوڵیت و حزبەکەشتان دەسەڵاتی خۆی دەقوزێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتن و هاتن و چوون و

ژماردنی هەناسەی دانیشتوانی ئەم شارۆچکە بچوکە پاک و بێ زیانە.

ئەوەی لە ژێر سایەی حوکومڕانی ئێوەدا دەرهەق بە گەلی ئێمه ئەنجام ئەدرێت لە هەولێر و دهۆک وا لەگەلی ئێمە دەکات هەست بە سوکایەتی و زەلیلی بکات. ئێمەش بۆ ئەوە نەهاتووین بێدەنگ بین، بەڵکو هەمیشە شایەتی ڕاستی و مافی گەلەکەمان، گەلی کلدانی سریانی ئاشوری دەبین.

گوتاری توندوتیژی دژ بە ئەوانی تر کە جیاوازن لە ڕووی نەتەوەیی و ئاینییەوە لەزیادبووندایە لە هەرێم ، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێکی فەرمی لە حکومەتەکەتانەوە ببینین بۆ بەرپەرچدانەوەی.

كلدانییە سريانییە ئاشووريیەکان کۆچیان کرد و کۆچ دەکەن لە دەرئەنجامی ترس و بارودۆخی ئەمنی نا ، بەڵکو بە هۆکاری نەبوونی دادپەروەری و بێمتمانەیییان بە دەسەڵات و دامەزراوەکان، کە بۆتە هۆکاری ئەوەی داهاتوو دیار نەبێت، یان بەلانی کەمەوە تەم ومژاوی بێت و متمانەپێکراو نەبێت.

لە کۆتاییدا :

دادپەروەری بنچینەی موڵکدارییە، ئەگەر ئەو هەبوو ئەمیش ئەبێت ، هەرکاتێک نەما ئەمیش نامێنێت.

يعقوب كوركيس

سکرتێری گشتی بزوتنەوەی دیموکراتیی ئاشوری

تێبینی :

هاوپێچ وێنەی کۆپیکراو لە بریارەکانی دادگاکان کە مافی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانی سەلماندووە لە زەوییەکانیان و گوندەکانیان، کە زیادەڕۆییان کراوەتە سەر ، وە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر دەرچوونیاندا.

zowaa.org

menu_en